Share on FacebookTweet about this on Twitter

لە چ ڕێگەیەوە لەوانەیە من سیل بگرم؟

بەکتریای سیل دەبێتە هۆی نەخۆشیی سیل. ئەم بەکتریا لە ڕێگەی هەواوە لە کەسێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر. ئەگەر لە نێو سیی کەسێک دا بەکتریای سیلی هەبێت دەتوانێت لە کاتی کۆکین، قسەکردن یان پژمیندا ئەم بەکتریا لەنێو هەوادا بڵاو بکاتەوە. گەر تۆ نزیکی ئەو کەسە بیت ڕەنگە بەکتریاکە هەڵبمژیت و تووشی ئەم نەخۆشیە ببیت.

saada

ئەگەر باری جەستەیی تۆ لاواز بێت، یان لەبەر کەمخۆراکی تا ڕادەیەکی زۆر کێشت لە دەست دابێت یان تووشی ڤایرۆسی HIV بووبێتی، ڕەنگە ئاسانتر نەخۆشیی سیل بگریت.

ئەگەر تۆ تووشی سیل ببیت، خەتای خۆت نیە. خۆ مرۆڤ بە هۆی تووڕەیی و ناڕەحەتی تووشی سیل نابێت. سیل سزای کرداری خراپ نیە و هەروەها نەخۆشیەکی بۆماوەیی نیە.

پرسیار و وڵام

ئاخۆ لەوانەیە لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەوچک و پەرداخ یان خواردنەوە لە بوتڵی ئاوی کەسێکی تووشبوو بە سیل تووشی ئەم نەخۆشیە ببم؟

نەخێر مومکین نیە. چونگە هیچ کەسێک بە خواردن و قووتدانی بەکتریای سیل تووشی ئەم نەخۆشیە نابێت.

ئەگەر من لە شوێنێک بخەوم کە پێشتر کەسێکی تووشبوو بە سیل لەوێ خەوتووە ئایا ئەم نەخۆشییە دەگرم؟

نەخێر نایگریت مەگەر ئەو کەسە هەر لە ئەو ژوورەدا بێت و لەوێ بخەوێت. بەکتریا دەلکێت بە بەتانی نێو تەختی خەودا و تەنانەت گەر بەتانیەکە بتەکێنیت، ئەم بەکتریا لە نێو هەوادا بڵاو نابێتەوە. لەبەر ئەمە مومکین نیە تۆ هەڵیمژیت.

ئەگەر لە نێو پاسدا من لە نزیکی کەسێک کە دەکۆکێت دابنیشم تووشی سیل دەبم؟

پێویست ناکات لەبەر نەخۆشیی سیل تۆ لە بەکارهێنانی پاس یان شەمەندەفەر بترسیت. نەخۆشیی سیل بە ئاسانی بڵاو نابێتەوە. بۆ تووشبوون بە سیل ئاساییانە پێویستە چەند کاتژمێر نزیکی کەسێک بیت کە ئەم نەخۆشیەی هەیە. بەهەرحاڵ، باشتر وایە تۆزێک خۆت دوور بکەیتەوە لە کەسێک کە دەکۆکێت و دوای دابەزین لە پاس دەبێت دەستت بشۆیت. کەسێک کە دەکۆکێت مومکینە تووشی ئەنفلۆنزا بووبێت کە زۆر ئاسانتر لە سیل بڵاو دەبێتەوە.

ئەگەر خزمێکی من بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ من بژیێت و ئەو کۆکەی توندی هەبێت ئاخۆ مومکینە من تووشی سیل ببم؟

بەڵێ مومکینە، بە مەرجێک ئەو کەسە سیلی هەبێت. ئەگەر خزمەکەت لە زووەوە دەکۆکێت، بیبە بۆ لای پزیشک با پشکنینی بۆ بکەن. پشکنین دەریدەخات کە هۆکاری کۆکینی ئەو چیە.

ئایا لە کاتی جووتبوونی سێکسیدا مومکینە من تووشی سیل ببم؟

لە ڕێگەی جووتبوونی سێکی یان ماچکردنەوە مومکین نیە تۆ تووشی سیل ببیت. بەڵام، ئەگەر هاوسەرەکەت لەمێژە دەکۆکێت، مومکینە تووشی سیل بووبێت. گەر تۆ بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو بیت، مومکینە سیل بگریت.

گەر هاوسەرەکەت ئێستا خەریکە چارەسەر و دەرمانی سیل بە کار دەهێنێت، تۆ دەتوانیت لەگەڵی جووت ببیت. ئەگەر کەسێک کە سیلی هەیە بەردەوام دەرمان و چارەسەری ئەم نەخۆشیە بە کار بهێنیت، ئیتر بەکتریای ئەم نەخۆشیەکە بڵاو ناکاتەوە.

Materiaali on tuotettu osana TIE-hanketta. Euroopan pakolaisrahasto osallistuu hankkeen rahoittamiseen.

Kuvat TB animaatiosta, jonka tekijä on Constantinos ”Gogi” Mavromichalis.